ناوهڕۆك
باسی خوێنچڕکەی نەخۆشی
لە باری ئاسایی خوێنی حەیز لە پانزە شەو و ڕۆژ تێناپەڕێ، جا ئەگەر ئافرەتێک لە پانزە ڕۆژ زیاتر خوێنی هات، ئەوا بەم جۆرە ڕەفتار ئەکا:
یەکەم: ئەگەر لە پێشان حەیز و خاوێنی بینیبوو و خوێنەکەی ئێستاشی بە یەک شێوە ئەهات، ئەوە هەر لەسەر عادەتی پێشووی ئەڕوا و بە ئەندازەی حەیزەکەی پێشووی بۆی بە حەیز دائەندرێ و ئەوەی تر هەمووی خاوێنییە، پێغەمبەر ﷺ بە ئافرەتێکی وەهای فەرموو: (أمکثی قدر ماکانت تحبسك حیضتك ثم اغتسلی وتوضئی لکل صلاة) رواه الشیخان، لە حەیزدا بمێنەوە بەو ئەندازەیەی لە پێشان ئەمایەوە، ئینجا غوسل بکە و دەستنوێژ بشۆرەوە بۆ هەموو نوێژێک.
دووەم: هەر ئافرەتێک بە دوو جۆر، یان زیاتر ئەو خوێنەی ئەبینی، وەک ڕەش و سوور، یان سوور و کاڵ، ئەوە بەهێزەکە بە حەیز دائەندرێ و بێ هێزەکەیش بە خاوێنی، بەمەرجێ بێ هێزەکە لە پانزە ڕۆژ کەمتر نەبێ و بەهێزەکەیش لە پانزە ڕۆژ زیاتر نەبێ پێغەمبەر ﷺ بە ئافرەتێکی لەم بابەتەی فەرموو: (نَّ دمَ الحيض دمٌ أسود يُعْرَف, فإذا كان ذلك فأمسكي عن الصَّلاة, فإذا كان الآخَرُ فتوضَّئي وصلِّي) رواه النسائی، خوێنی حەیز ڕەنگی ڕەشە و بۆنی هەیە، جا ئەگەر ئەمەت بینی نوێژ مەکە، ئەگەر لەمەیان بێ هێزترت بینی لەدوای غوسل کردن ئەبێ بۆ هەموو نوێژێک دەستنوێژ بشۆری و نوێژ بکەی جا ئەگەر ئەو مەرجەی گوتمان نەهاتە جێ، ئەوە ئەبێ وەک بەشی یەکەم ڕەفتار بکا.
سێیەم: ئەگەر ئافرەتەکە یەکەمجاری بوو حەیزی ئەبینی ئەوە ئەگەر ڕەنگی خوێنەکانی لەیەک جیا ئەکردەوە، ئەوەش وەک بەشی دووەم ڕەفتار ئەکا، ئەگەر نا ئەوە شەو و ڕۆژێکی بۆ بە حەیز دائەندرێ و بیست و نۆ ڕۆژی بۆ بە خاوێنی دائەندرێ.
لەو ماوەیەی بۆی بە حەیز داندراوە، ئەبێ نوێژ بکا و ڕۆژوو بگرێ و، واجبە بۆ هەموو نوێژێک تارەت بکا و پارچە پەمۆیەک بخاتە سەر ئەندامی و بیبەستێ و دەستنوێژ بشوا و نوێژ بکا، هەروەها قورئان خوێندن و جیماعکردنیشی دروستن.
کەمترین تەمەن کە بگونجێ ئافرەت بۆ یەکەم جار خوێنی حەیز ببینێ نۆ ساڵی ئیسلامییە، کە هەر ساڵێک (٣٥٤) سێ سەد و پەنجا و چوار ڕۆژە، کەواتە ئەگەر کیژۆڵەیەک لە تەمەنی نۆ ساڵی بەولاوەتر خوێنی بینی، ئەوە حەیزە و کیژەکە عەزەب ئەبێ.
هەروەها کوڕیش لە نۆ ساڵی بەولاوە ئەگونجێ (منی)ی بێتە دەرەوە و بلوغی ببێ، جا ئەگەر کیژ خوێنی نەبینی و کوڕ (منی)ی نەهات، ئەوە هەردووکیان کە تەمەنی پانزە ساڵییان -بە ساڵی یسلامی- تەواو کرد، بلوغیان ئەبێ، واتە: لە قۆناغی منداڵی ئەگەر قۆناغی گەورەیی (عن ابن عمر رضی الله عنهما قال: عرضنی رسول الله ﷺ یوم أحد و أنا ابن أربعة عشرة فلم یجزنی، وعرضنی یوم الخندق وأنا ابن خمس عشرة فأجازنی) رواه الشیخان، (ابن عمر) فەرمووی: لە جەنگی (ئوحود) پێغەمبەر ﷺ ڕێگای نەدا بچم بۆ جەنگ چونکە چواردە ساڵان بووم، بەڵام لە جەنگی (خەندەق) ڕێگای دام چونکە پانزە ساڵان بووم و گەورە بووبووم.
کەمترین ماوەی مانەوەی کۆرپە لەناو زگی دایکیدا شەش مانگە، چونکە خوای گەورە ئەفەرمووێ: (وَحَمْلُهُ وَفِصَالُهُ ثَلَاثُونَ شَهْرًا) ماوەی مانەوەی کۆرپە لەناو زگ تا لە شیرخواردن ئەکرێتەوە، سی مانگە. لە ئایەتێکی تریشدا ئەفەرمووێ: (وَالْوالِداتُ يُرْضِعْنَ أَوْلادَهُنَّ حَوْلَيْنِ كامِلَيْنِ) دایکان دوو ساڵی تەواو منداڵەکانیان شیر ئەدەن.
واتە: ئەم دوو ساڵەی شیردان لەو سی مانگە دەرکە، ئەمێنێتەوە شەش مانگ. کەوابوو: ئەگەر ئافرەت بە شەش مانگ منداڵی بوو، نابێ گومانی لێ بکەن.
زۆرترین ماوەی مانەوەی منداڵ لەناو زگدا چوار ساڵە، بە گشتی کە منداڵ لەناو زگدا بمێنێتەوە نۆ مانگە.